پونگە کێوی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-11-03:13:00 - کۆدی بابەت: 5268
پونگە کێوی

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی پونگە کێوی

لە تیرەی (ناعناع)ـە گیایەکی عەلەفی ڕاوەستاوی کورتە باڵایە ڕەگەکانی دەخزێن و بەو شێوە زیاد دەکات لقەکانی هەندێکیان بێ گوڵە و هەندێکیان گوڵ دەکەن، پەلکەکانی بەرامبەر یەکن و شێوە هێلکەین و زۆر لە ناعناع دەچێت گوڵی لە سەرە، میوەی ورد بەشێوەی یەک هێشوی بەیەکەوە نووساو دەردەکات بە ڕەنگی ئاوی و بنەوشەی میوەی فندەقەیی چوار بەشییە و ڕەنگی قاوەییە، ئەو گیایە لە کەنار ڕێگا و لێواری جۆگاوەکان و لە ناو گیای چڕ و پەڕدا دەڕوێت بەڵام ئێستا لە کێڵگەی دەرمان سازیدا دەچێنرێت، لە دێر زەمانەوە ناسراوە کە بۆ دەرمان دەشێت، کاتێک گوڵی دەرکرد سەرە تولەکانی دەهێنن و لە سێبەردا وشکی دەکەن یان یان بە گەرمای (٣٥)پلەی سیلیزی وە لە شوێنی وشک و لە پاکەتی کاغەزدا هەڵدەگیرێت، هەندێک لە ماددەکانی کە تیایەتی ئەوانەن (مەواددی تاڵ و ئەسانسی ڕۆنی، ساپونین، تانن، گلوکۆزید، اوکبین٢).

سوودەکانی پونگە کێوی

  • بۆ سستی گەدە و ڕیخۆڵە بەکاردێت و بۆ سکچوون و پێچی زگ بەسوودە.
  • دژە خوێن ڕێژییە بەتایبەتی گرفتی ژنان و بۆ ناڕەحەتیەکانی میزەڕۆ بەسوودە.
  • بۆ ئازاری قورگ و لەوزە و جۆشی ناودەم غەرغەرەی پێدەکرێت.
  • بۆ گرێ و ئاوسانی گەدە و دوانزە گرێ و بۆ گرفتی بۆری هەناسە بەسوودە.
  • پەلکی ناسکی لەناو زەڵاتە دەکرێت وە هەنگوین بەخشە بۆ مێشە هەنگ.
  • دەمکراوی پڕی کەوچکێکی زەڵاتە بۆ یەک کوپ ئاوی لە کوڵ سێ ژەمە، بۆ غەرغەرە دوو ئەوەندە دوو ئەوەندە.
  • دڵ خۆشکەرە و بۆ باکردن باشە و دژە بەڵغەمە و بۆ کۆکە ڕەشە باشە.
  • دژە میکرۆب و دژە بەکتریا و ڤایرۆسە.
  • بۆ زیادکردنی توانای سێکسی ژنان باشە.
  • بۆ سووڕی مانگانە کە حەملی نەبێت دەیکاتەوە.
  • کرم کوژە و بۆ ئازاری گەروو بە ئاوەکەی غەرغەرە بکەی باشە.
  • بۆ ناڕەحەتی عەسەبی دەمکراوی بخورێتەوە یان لە ئاوی حەمام بکرێت و لەناوی دابنیشێت، هەر بەم جۆرە بۆ ڕۆماتیزم ئاوەکە مەیلی گەرمی هەبێت لەشی پێ ماساج بدەیت و لەناوی دابنیشێت تا نیو کاتژمێر، هەر ئەم شێوەیە بۆ ئازاری پێ و بەلەک و بۆ کەم خوێنی باشە.
  • بە ئاوی دەمکراوەکەی برینی وارسی پێ دەشۆرێت ڕۆژی دوو جار.
  • بۆ برین ئەگەر هەوکردنی زۆر بێت بە وشکی پێی بکە.
  • دژە تەشەنوجە و بۆ نزگەرە (بەرسینچکە) و بۆ ژانە سەر باشە.
  • ڤیتامین A و B زۆرە بۆ ئەو کەسەی ئەو دوو ڤیتامینەی کەمە تا یەک مانگ دەمکراوی بخواتەوە باشە.
  • ئەگەر مار لەماڵدا هەبێت لە گۆشە و کەنارەکاندا چەند چڵە پنگ هەڵواسە و دابنێن چۆن دووپشک لەدەست بۆنی ژاڵە ڕادەکات ماریش لەدەست بۆنی پنگ ڕادەکات.

ئامادەکردنی پونگە کێوی

دەمکردنی (٢٠)گرام گەڵای وشک کراوی لەناو لیترێک ئاودا بۆ (١٢)خولەک بە هێواش بکوڵێت و پاشان دەیپاڵێویت و هەر ژەمەی فنجانێک نیو کاتژمێر پێش نان بخۆرەوە دەتوانیت بە هەنگوین شیرینی بکەیت ئەگەر هەر جارەی (١٥)گرام بۆ لیترێک ئاو، ئەگەر گوڵ و گەڵای تێکەڵ بێت (٢٠-٢٥)گرام، وە کە تەنها گەڵاکەی بێت (٢٥-٣٠)گرام.

جۆرێکی پونگەی کێوییە - Stachys Offlcinalis

لە تیرەی (ناعناع)یە گیایەکی عەلەفی ڕاوەستاوە لاسکی چوارگۆشەیە و ڕاست بەرز دەبێت لە دوو لای بەرامبەر یەک پەلک دەردەکات و زۆر لە پەلکی ناعناع دەچێت، لە سەرووی پەلکەکان گوڵی ناسکی ڕەنگ سوور و بنەوشی دەردەکات لەسەرە تولەکەش هێشوە گوڵێکی درێژ دەردەکات، میوەی فندەقەییە و تەواوی ئەو گیایە زبرە، لە شوێنی دارستان و ناو باخ و کوێستان دەڕوێت، لە زۆر زووەوە ناسراوە کە بۆ دەرمان دەبێت، ڕەگەکەی بە تەنها دەخورێت مرۆڤ پێی دەڕشێتەوە، وە کاتێک کە گوڵی کرد بە گوڵ و گەڵا و ڕەگەوە دەردەهێنرێت کە هەمووی بۆ دەرمان دەشێت و لە سێبەر یان بە دەزگای وشک کەرەوە بە گەرمی (٤٠)پلەی سیلیزی وشک دەکرێتەوە، بۆنی عەتری هەیە و ئەسانسی ڕۆنی و تاڵی (الکوئید) و چەندی تری تێدایە.

سوودەکانی ئەم جۆرە پونگە

  • بەکاردێت بۆ هەناسەتەنگی و ئازاری دەزگای هەناسە .
  • ئارام کەرەوەیە و دژە میکرۆبە و بۆ پاککردنەوە بەکاردێت.
  • بۆ ئەوانەی قەبزن بۆ سکچوون بە کاردێت و بۆ هەوکردن و وەرەمی میزەڵدان بەسوودە.
  • بە کاردێت بۆ ئەو ئازارانەی کە لە دەمارەوە بێت.
  • گەڵای تەڕ و تازەی بۆ برین و ئاوساوی بەسوودە.
  • بۆ هەر جارێک دەم کردنی (٢-١)گرام بۆ فنجانێک ئاوی کوڵاو سێ جار لە ڕۆژێکدا دەخورێتەوە.


سەرچاوەکان



1022 بینین